قوڕئان سووتاندن و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی موسوڵمانان لە مەودای مێژوودا کەم و زۆر هەر هەبووە و سووتاندنی قوڕئان تەنیا لە وڵاتی سۆئێد نەبووە و نابێ. جیا لە بابەتەکانی مافناسی و کێشەکانی نێوان ئازادی و سوکایەتی، ئیدانەکردن و نەکردنی ئەو کارانه، قسەی من شتێکی ترە و دەمهەوێ لە لایەنێکی ترەوە قسەی لەسەر بکەم.
 بابەتی قوڕئان‌سووتاندن نەتەنیا لە وڵاتە ناموسوڵمانەکان، بەڵکوو جاری وایە لە وڵاتانی ئیسلامیش ڕوو دەدا. ئەگەر دەڵێن لە سۆئێد هۆکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و کۆچبەریی و..هتد لەپشته، ئەی هۆکاری قوڕئان‌سووتاندن لە وڵاتانی ئیسلامی چیە؟ پێ دەچێ کەسانێکی که وەها کارێک دەکەن، نه هیچ کات قوڕئانیان خوێندۆتەوە و نە لێی تێدەگەن و نە دەزانن لەلایەن کێوە هاتووە! بەڵکوو ئەگەری زۆری هەیە که لە هەڵوێستێکی تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر ڕەوشتی هێندێ لە موسوڵمانان ئەو کارە بکەن که دەیانەوێ بەو شێوە هەستی موسوڵمانان بڕووشێنن. بەو پێیە ئامانجی ئەو کەسانە سوکایەتی بە قوڕئان و یا سوکایەتیکردن بە خاوەنی قوڕئانەکە نیه و تەنیا جۆرێک خۆخاڵیکردنی تووڕەیی و بێزاریی لە هەڵسوکەوتی ناپەسندی هێندێ لە موسوڵمانە.
 دەبینین که موسوڵمانان بە سووتاندنی قوڕئان هەستیان دەورووژێت و بەتوندی بەرهەڵست نیشان دەدەنەوە و جاری وایە تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوە سەرتاپای هەندێکیان دادەگرێت. بەڵام ئەگەر بڕێک بەویژدانەوە و بەوردی هەڵوێستی موسوڵمانان بەراورد کەین، ئێمەی موسوڵمان یەکەم کەسانێکین که سوکایەتی بە قوڕئان دەکەین، لەگەڵ ئەوەیکه بڕوامان بە سروشتیبووتی قوڕئانه و دەزانین که فەرمانەکانی لەلایەن خوای زانا و کاربەجێ دابەزیوە، بەڵام ڕۆژانە دەیان فەرمانی قوڕئان ژێرپێ دەخەین.
 ئایا درۆکردنی بە ئەنقەست که دەزانین قوڕئان قەدەغەی لێ کردووین، سوکایەتیکردن بە قوڕئان نیە؟ ئایا خیانەت و پێشێلکردنی مافەکان، کەمتەرخەمی لە ئاست مافی خەڵک و هەمووی ئەو چەشنە تاوانانە، ژێرپێ خستنی دەیان ئایەتی قوڕئانی پیرۆز نین؟ بوونی دەیان دۆسیەی دادگەریی لە وڵاتی خۆمان ناتوانێ ڕاستییەک بێ لە دەم‌چەفتی، بێ‌ڕێزی و سوکایەتی بە ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆز؟ ئەی بۆ کەس هەڵوێستێک بۆ ئەو بێ‌ڕێزیانه دەرنابڕیت؟ و هیچ بەرپرسێک دەنگی لێوەنایەت؟ بەڵام کەسێک لەوبەری سنوورەکان، که بێ‌باوەڕە و نازانێ که قوڕئان چیە و لەلایەن کێوە هاتووە، قوڕئان دەسووتێنێ، تەواوی وڵاتە ئیسلامییەکان دەنگیان بەرز دەکەنەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بانگی باڵوێزانی سۆئێد دەکەن لە وڵاتانی خۆیان و ناڕەزایەتی لە ئاستی دەسەڵاتداران و گشت خەڵکی دەست پێ دەکا و قوڕئان لەسەر سەر دادەنێن و دروشمی «واقرانا» دەڵێنەوە؛ وەک ئەوەیکه تاوانی سووتاندنی جڵدێک لە قوڕئانێکی کاغەزی زیاتر بێ لە پشتگوێ‌خستنی حوکم و فەرمانەکانی. هەر لەو وڵاتە ئیسلامییانه، ساڵانه خوێنی دەیان و سەدان کەس بەهۆی چووکترین ناڕەزایەتی سەرشەقامەکان دەڕێژڕێت و دەیان چالاکوان و نووسەر و ڕۆژنامەوان بەهۆی چووکترین ڕەخنه لە کارکرد و سیستەمی حکوومی لە بەندیخانەکان بەسەر دەبەن.
 قسەی من بۆ کەمتەرخەمیی موسوڵمانان لە ئاست کتێبە پیرۆزەکەیان نییه، بەڵکوو مەبەست گرینگیدان و لە یەکەمەین دانانی ئامانج و بەرنامەکانی سەرەکی شەریعەتە. ئایا ڕژاندنی خوێنی مرۆڤێکی بێ‌تاوان گوناحەکەی گەورەترە یا سووتاندنی جڵدێک لە قوڕئانی پیرۆز؟ بۆچی بۆ ئەو هەموو مافخۆری، مافکوژی، تاوان و هەڵاواردنانە بێدەنگن و بۆ ئەوەیان ئاوا لەکوڵ و لەجۆشن؟! مەگەر پەیامهێنەری ئەو قوڕئانه نەیفەرمووە که: حوڕمەتی خوێنی مرۆڤێک لە حوڕمەتی کەعبە بانترە؟! ئەوە بەمانای ئەوەیە که ئەگەر کەعبەی پیرۆز تەختی حەرزێ بکرێ باشترە بەڵام پێگە و حوڕمەتی مرۆڤێک نەڕوشێت!
 ئایا گەندەڵی ئیداریی، ڕووخاندنی کەڕامەتی مرۆڤەکان و ژێرپێ خستنی ڕێز و حوڕمەتیان کەمتر لە سووتاندنی قوڕئانه؟ کامەیان عەڕشی خوا دەلەرزێنیت؟!
 گرینگترین باسی قوڕئان سەبارەت بە مرۆڤه، تەواوی حوکمەکانی تری لە یەکتاپەرستیوە بگرە تا چووکترین ڕاسپاردەکانی ئەخلاقی بۆ کەماڵ، سەربەرزی، ڕێز، پاراستن و خزمەت بەو بوونەوەرەیه که سەرتۆپی کەونه؛ ئێمەی موسوڵمان لە ئاست مافی مرۆڤەکانەوە چەندە پابەندی ئامانجە سەرەکەکییەکانی شەریعەتین!؟ مرۆڤەکان لای ئێمه جیا لە خزمایەتی، هۆز و نەتەوایەتی و ئایینزا و ڕەنگ و زمان چەندەیان ڕێز هەیە؟ هەروەک خوای قوڕئان فەرموویەتی: «و لقد کرمنا بنی آدم» بەڕاستی ئێمە ڕێزمان لە نەوەی ئادەم گرت.
 ئێمه بە جوڵانەوەمان بەپێچەوانەی قوڕئان، ڕۆژانە دەیان ئایەت لە ڤوڕئانی پیرۆز دەسووتێنین و نه خۆمان پێی دەزانین و نە کەسیش ناڕەزایەتی دەردەبڕێت.
 يَا أَيُّهَا النَّاسُ، طُوبَى لِمَنْ شَغَلَهُ عَيْبُهُ عَنْ عُيُوبِ النَّاسِ
 ئەی خەڵکینه، خۆش بەحاڵی کەسێک که بە سەرقاڵبوون بە دۆخی خۆیەوە، لە سەرقاڵبوون بە عەیبی خەڵکی دوور کەوتۆتەوە.
 دەگێڕنەوە لە سەردەمی ئەمیری بڕواداران عەلی کوڕی ئەبووتالیب(خوا لێی ڕازی بێ) داوێن‌پیسێکیان هێنا بەردبارانی بکەن، ئەمیری باوەڕداران فەرمووی کەسانێک بەردبارانی بکەن که خۆیان هیچ کات تووشی هیچ تاوانێک نەبووبن، دیتیان هیچ کەس دەستی بۆلای بەردێک نەدەبرد و هەموویان مەیدانیان جێ هێشت.
 دۆخی ئێمەش بەم چەشنەیە، باشتر وایە ئێمەی موسوڵمان بەخۆماندا بێینەوە و چاوێک بە کردارماندا بخشکێنینەوە و خەریکی قەرەبووکردنەوەی کەمایەسییەکان و نەشیاوییەکانی ئاکار و ڕەفتارمان بین. لەوانەیە ڕۆژێک کەسانێکی که لەڕووی تووڕەیی و قین لە کرداری موسوڵمانان، قوڕئانیان سووتاند و سوکایەتیان پێ کرد، پەژیوان ببنەوە و بەپێی «لایکلف الله نفسا الا وسعها» خوای گەورە لە هەڵەکانیان خۆش بێت، بەڵام لە هەڵەی ئەو موسوڵمانانه خۆش نەبێ که بە ئاگاداریی و بە ئەنقەست فەرمانەکانی قورئان پشتگوێ دەخەن و بەم چەشنە سوکایەتی پێ دەکەن و ئەو سکاڵایەی پێغەمبەری خۆشەویستمان ئێمەش لە خۆ بگرێت که دەفەرموێت:

وَقَالَ الرَّسُولُ يَا رَبِّ إِنَّ قَوْمِي اتَّخَذُوا هَٰذَا الْقُرْآنَ مَهْجُورًا

لەو ڕۆژەدا پێغەمبەر(د.خ) (بە گلەیی لە گەلەکەی لە بەردەم بارەگای خوای گەورە) دەفەرموێت: خوایە (تۆ ئاگاداری) گەلی من بە تەواوەتی ئەو قوڕئانەیان وەلا ناوە